مەسعوود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تورکیا و ئێران و هەروەها پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکانیان تاوتوێ کرد.
ئەردۆغان خۆشحاڵیی خۆی بە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا دەربڕی و جەختی لە پشتیوانی تورکیا بۆ پڕۆسەی دیپلۆماسی و هەوڵەکانی بەدیهێنانی ئاشتی کردەوە.
لەم پەیوەندییەدا هەردوولا باسیان لە پرسەکانی پەیوەست بە هاوکاریی تورکیا و ئێران و پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکە کرد.
لە میانەی وتووێژەکەدا ئەردۆغان بە ئاماژەدان بە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا، ڕێککەوتنەکەی بە "خۆشحاڵی" وەسف کرد و وتی: خۆشحاڵین کە گەیشتینە لێکتێگەیشتن لە نێوان ئێران و ئەمریکا.
سەرۆک کۆماری تورکیا هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەنقەرە هیچ هەوڵێک ناپارێزێت بۆ گەیاندنی ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگەوە و "تورکیا هەر پشتیوانییەکی پێویست پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە ئاشتیانە کۆتایی پێبێت".
Your Comment